دیمەنێک لە دەروازەی قەزای شارەزوور _ وێنە: 964
بۆنەکەی شارەزوور گەیشتە دادگا
خەڵکی شارەزوور و ژینگەی سلێمانی لە بۆسەدان بۆ کارگەکانی تانجەرۆ
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
ماوەی دوو ساڵە بۆنێک ئاسمانی شارەزوور بەرنادات، ماوە ماوە خەڵک هەست بە “بۆنێکی دوکەڵ و گاز” دەکەن و گومانیان لە کارگە و پاڵاوگەکانی چەمی تانجەرۆ هەیە، کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی عەربەت، کار گەیشتە ئەوەی پارێزەرێک سکاڵای تۆمار بکات.
ئەو بۆنە، کە بەشاردا بڵاودەبێتەوە ژمارەیەک لە دانیشتووانەکەی تووشی هەناسەتووندی کردووە، بۆیە چەندجارێک داواکاریان بە لایەنە ئیدارییەکانی شارەکە گەیاندووە.
کار گەیشت بەوەی، پارێزەرێک سکاڵای یاسایی تۆمار بکات، رێبین عومەر پارێزەرەکەیە، ئەو بە 964ی وت، “وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و پیشەییم، کە بەرگریکردنە لە مافی خەڵک، لە رۆژی 22.12.2014 سکاڵام کردووە لە سەرجەم کارگەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی عەربەت، ئەوەش بە مەبەستی دۆزینەوە و چارەسەرکردنی بۆنی ناخۆشی سنوورەکەمان و سزادانی کارگە و کەسی کەمتەرخەم”.
ئەو پارێزەرە، خۆی سەروکاری لەگەڵ دادگایە، باسی لەوەکرد، بۆ ئەو ئاسانتر بووە سکاڵا تۆمار بکات، وتیشی، هیوادارە ئەنجامێکی باشی هەبێ، ئەوان ئێستا نازانن سەرچاوەی بۆنەکە کام کارگەیە، بەڵام دادگای شارەزوور و دادوەری لێکۆڵینەوە، بڕیای داوە بەداخڵکردنی نوێنەری یاسایی، لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بۆ وتەدان لەبارەی بڵاوبوونەوەی بۆنەکە.
فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی دەمێکە لە بۆنەکەی ئاسمانی شارەزوور ئاگادار کراوەتەوە، مستەفا جومعە، وتەبێژی ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ 964 ئەوەی وت، “مانگی 12ـی ساڵی 2024، کارگەیەکی نەوتمان دۆزییەوە لە سنوری ناحیەی عەربەت کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی بۆنەکە بوو و رامانگرت لەکارکردنن”.
زیاتر وتی، “ئێستاش دەزانین، ئەم هەفتەیە دیسان بۆنەکە بڵاوبووەتەوە، لیژنەکانمان بەردەوام لە بەدواداچووندان بۆ زووتر دۆزینەوەی ئەو کارگانەی دەبنەهۆی بڵاوبوونەوەی بۆنەکە، ئێمە لیژنەیەکمان هەیە تایبەت بە گەڕان و بەدواداچوون کە لە دوای دەوام دەست دەکەن بە گەڕان، رەنگە لەم هەفتەیەشدا سەرجەم خاوەن کارگەکان بانگ بکرێن و قسەیان لەگەڵدا بکرێت”.
هەندێک جار بۆنەکەش دەگاتە سلێمانی بەهۆی ئەوەی کارگەکان ژمارەیان زۆرە، مستەفا جومعە وتی، “ناتوانین بەڕوونی کارگەکە دیاری بکەین، لە ئەگەری دۆزینەوەی، ئاگادارکردنەوەیان بۆ دەکەین و کارەکانی کارگەکە رادەگرین تا چاکردنی کێشەکەی، ئەگەریش بەردەوام بوو، بۆ وەرگرتنەوەی مۆڵەت لێی، سکاڵا دەبەینە دادگا”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا