د. دەشتی دزەیی كۆچی دوایی كرد
هەولێر
د. دەشتی دزەیی كۆچی دوایی كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
د. دەشتی دزەیی، پزیشکی پسپۆڕی پێشەنگ و دێرین و زانای پزیشکی و کەسایەتی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
وەزیری تەندروستیی كوردستان سامان بەرزنجی لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك هەواڵەكەی بە وێنەیەكی خۆی و د. دەشتی پۆست كردووە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی راگەیاندووە.
د. دەشتی دزەیی، پزیشکی پسپۆڕی بەناوبانگی كوردستان و شاری هەولێرە و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و هەناوە، مامۆستای زانكۆی پزیشكییە و كەسایەتییەكی دیاری كوردستان و شاری هەولێرە.
سامان بەرزنجی لە پۆستەكەیدا نووسیویەتی، “خوالێخۆشبوو پزیشکێکی پێشڕەوی بواری پزیشکی کوردستان و دڵسۆز و بەوەفا و خۆشەویستی هاوڵاتیان بوو، خزمەتی زۆری مرۆڤدۆستی و هەژاران و هاوڵاتیان و چارەسەری نەخۆشی و بواری ئەکادیمی و فێرکردنی چەندین نەوەی پزیشکی کردووە، رۆڵی گرنگ و مێژوویی هەبووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، بەردەوام بە رێکوپێکی و بێ ماندووبوون خزمەتی زۆری هاوڵاتیان و پێگەیاندنی چەندین مامۆستا و پێگەیاندنی پزیشکی کردووە”.
د. دەشتی دزەیی، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەغدا وەرگرتووە و دواتر لە لەندەن بڕوانامەی دکتۆرای لە كۆلیژی شاهانەی پزیشكیی بەریتانیا بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1978 لە هەولێر وەك پزیشكی پسپۆڕ دەستبەكار بووە و تا پێش مردنی لە کارەکەی بەردەوام بووە و لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەوروبەریش ناوبانگێکی زۆری هەبوو.