"ماڵم کاوڵ بووە و هیچم نەماوە"
درۆن و دز ماڵەکەیان بەتاڵان برد؛ رەحمیان بەدەخیلەی منداڵەکەشی نەکرد
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
دوای ئەوەی بە درۆن لە ماڵەکەی درا، دزییان لێکرد و هەرچی هەیبوو و نەیبوو بەتاڵانیان برد.
هادی محەمەد کرێچییە و خانووەکەی لەتەنیشت بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە لە گەڕەکی بەختیاری سلێمانی، هەفتەی رابردوو بە درۆن کرایە ئامانج و ورد و وێران بوو، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “خانووەکەم بۆ دوو رۆژ بە وێرانی جێهێشت، کاتێک گەڕامەوە بینیم دەرگاکە شکاوە و دوو بوتڵ غاز و هەندێک زەردە و کەلوپەلی دیکەشیان بردووە، تەنانەت دەخیلەی منداڵەکشم کە هەشت هەزار دیناری تێدابووە، شکاندوویانە و پارەکەیان بردووە”.
“ماڵم کاوڵ بووە و هیچم نەماوە، بەڵام هیچی بەقەدەر ئەو دەخیلەیە گرنگ نییە بەڵامەوە و بووە بەداخێک لەسەر دڵم، چۆن تەماح دەچێتە سەر دەخیلەی منداڵێک، پارەکەی ببەی و دواییش دەخیلەکە بەبەتاڵی بەجێبهێڵی”، هادی محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە کردووە و داوایشی کرد، هەر کەس و خێرخوازێک کارێکی لەدەست دێ، بۆی بکەن و بچن بە هانایەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری