
فێڵیان لە مەلا و خهڵكی گوند کردووە و دەستگیرکران
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
پۆلیسی سلیمانی لەسەر فێلکردن لە مەلایەک و خهڵكی گوندی جێشانە، چوار کەسیان دەستگیركرد.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند، مانگی کانوونی دووم ساڵی رابردوو چوار کەس کە هەر چواریان کوردن، چوونهته گوندی جێشانە و بانگەوازی ئەوەیان کردووە ئەوان دەتوانن نەوتی خێرخوازی بە کەمتر لە نرخی نەوتی بەنزینخانەکان بۆ ئەم زستانە بۆ خەڵکی گوندەکە دابین بکەن، بۆ ئهمهش داوای پارەیان کردووە.
وتیشی، ئەو کەسانە قسە لەگەل مەلای گوندەکە دەکەن و لە رێگەی ئەوەوە داوای کۆکردنەوەی پارە دەکەن، خەڵکی گوندەکەش لە رێگەی مەلای گوندەکەوە بڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار دینار دەدرێت بەو چوار کەسە و ئەوانیش پارەکە دەبەن و فێڵ لە مەلاکە و خەڵکی گوندەکە دەکەن.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەشڵیت، دوای سکاڵای مەلاکە و خەڵکی گوندەکە، ئەمڕۆ 6ی شوبات، ئەو چوار کەسە لە ناحیەی تەکیە دەستگیر کران و دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە، بە پێی مادەی 456ی فێڵکردن لە خەڵک دەستگیرکراون.
جێشانە، گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی بەکرەجۆی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ئەو کەسانەیشی فێڵیان کردووە لە ناحیەی تەکیەی سەر بەقەزای چەمچەماڵ دەستگیر کراون.