باڵەخانەی راگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی _ وێنە: راگەیاندنی پەیمانگە
"مافی دارایمان پێ نەدراوە"
هەشت بەشی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی دەوام رادەگرن
964+
ئەحمەد مستەفا
مامۆستایانی هەشت بەشی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی کە لە ئێواران دەوام دەکەن، رۆژی یەکشەممە وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرن کارەکانی خوێندنی خوێندکارانیان لە بەشەکانیان رادەگرن.
ئەوان بەشێوەیەکی گشتی دوو داواکارییان هەیە، خەرجکردنی شایستەی دارایی مامۆستای وانەبێژ، وە مافە داراییەکانی ئەو مامۆستایانەی لە تاقیکردنەوەی سمستەرەکان چاودێر بوون.
بەشەکانی (کارگێڕی کار، ژمێریاری، شیکاری نەخۆشییەکان، تەندروستی گشتی، پەرستاری، دەرمانسازی، میدیا و کارەبا)ی پەیمانگەکە زۆرینەی بەرچاو لەسەر داواکەیان کۆکن و واژۆیان لەسەر نوسراوێک کردووە، کە ئاڕاستەی راگر و یاریدەدەری راگری پەیمانگەیان کردووە.
بەدیاریکراوی کرێی چاودێری، مانگەکانی دوو لە خولەکانی یەک و دوو، وە مانگی شەش لە خولی یەکەم و دووەمی ساڵی 2024، وە شایستەکانی وانەبێژان لە مانگەکانی (5.10.11.12)ی ساڵی 2024، هەروەها مافە داراییەکانی ستافی ئێواران بۆ (9.10.11.12)ی ساڵی 2024 خەرج نەکراوە.
بە دیاریکراوی نازانرێ کۆی پارەی ئەو مامۆستایانە چەندە، بەڵام بە گوێرەی سۆراغی 964، سەرجەمیان ئەو مافە داراییەی داوای دەکەن، لە ساڵی 2024 ئەرکەکەیان لە بەرامبەریدا بەجێ گەیاندووە، ئێستا ترسیان هەیە ئەمساڵی 2025 هەمان دۆخ بەسەریاندا دووبارە ببێتەوە، بۆیە هەنگاوی کرداری بۆ راگرتنی خوێندن دەنێن.
چەند سەرچاوەیەکی بەرپرس کە ویستیان ناویان ئاشکرانەکرێ بە 964یان وت، چەندجارێک بۆ دابینکردنی خەرجی ئەو مامۆستایانە کە لە 600 هەزار دینار، یەک ملیۆن دینار و تا یەک ملیۆن و 500 دیناری تێدایە، سەردانی بانک کراوە، بەڵام بیانووی نەبوونی پارەی نەختینە وەڵامەکەیان بووە.
964 دەزانێت، تا یەکشەممە وەڵامی ئەرێنی نەدرێنەوە لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، کە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی پێکهێنەرێتی، ئەوان بە کردار بایکۆتی مامۆستاکانی ئەو بەشە دەچێتە دۆخی کرداری و دەوامی خوێندکاران تێیدا بەسەرجەم بەش و قۆناغەکانەوە رادەگیرێ.
دەقی نوسراوی بەشەکان، کە ئاڕاستەی راگر و یاریدەدەری راگری پەیمانگە کراوە؛
خوێندنی باڵا یەک ملیار دینار بۆ پاڵپشتی زانکۆکانی کوردستان تەرخان دەکات