"ئەوەى لە پێناو خودا دەمکرد کۆتایى هات"
زاناى غەواس چیتر تەرم دەرناهێنێتەوە
964+
گۆڤەند فەتاح- کۆیە
غەواسە خۆبەخشەکەى تەقتەق نیگەرانەوە و بە سووتاندنى پێداویستییەکانى غەواسى وازهێنانى خۆى راگەیاند و دەڵێت، چیتر تەرم دەرناهێنێتەوە.
زانا بەکر غەواسى خۆبەخش قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”ساڵانێکە بە خۆبەخشى کارى دەرهێنانەوەى تەرم دەکەم، ئەوەشم لە پێناو خودا کردووە، بەڵام چیتر تواناى بەردەوام بوونم نییە، چونکە ئەو موچەیەى هەمە بەشى خۆم و ماڵ و مناڵم ناکات، ناشکرێت لەسەر حسابى ماڵ و مناڵم بەردەوام بم”.
تەنیا ساڵى 2024، بەشدار بووم لە دەرهێنانەوەى 21 تەرم
وەک ئەوەى باسى دەکات، تەنیا بۆ دۆزینەوەى دوو تەرم نزیکەى یەک ملیۆن دینارى خەرج کردووە، بەڵام ئامادە نییە پارە لە کەسوکارى خنکاو وەربگرێت.
وەک ئەوەى زانا باسى دەکات، ئەگەر هاوکارى بکرێت و پێداویستى تەواوەتى بۆ دابینبکرێت، ئامادەیە بەردەوام بێت، بەڵام وەکخۆى دەڵێت، چیتر ناتوانێت لەسەر حسابى قوتى منداڵەکانى ئەوە بکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح