شارەوانی ئاگادار نییە

تاقە حەمامەکەی دەربەندیخان رووخێنرا

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە گەڕەکی سەرای قەزای دەربەندیخان، حەمامێکی کۆن ھەبوو کە مێژوویەکى دێرینی ھەبوو لە قەزاکە، بەڵام ماوەی دوو رۆژە لەلایەن ئەو کەسەی دروستکرابوو، دەستکراوە بە رووخاندنی، شارەوانییش دەڵێت، ئاگاداری رووخانی نەبووین.

حەمامەکە ناوی تالە کۆکزە بوو، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکان، ئەوکات دەربەندیخان ناحیە بووە.

زریان سابیر، سەرۆکی شارەوانیی قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت، “ئاگادارنەکراوینەتەوە لە رووخانی ئەو حەمامەی قەزاکە، کە مێژوویەکی دێرینی ھەیە و بووە بە رەمزێک بۆ دانیشتووانی دەربەندیخان”.

“سبەینێ وەک شارەوانی بەدواداچوون دەکەین لەسەر رووخانی ئەو حەمامە، ئەگەر زەوییەکەی ھی شارەوانی بێت ئەوا لێپرسینەوە دەکەین”،زریان سابیر وای وت.

حەمامەکە سەرەتا لەسەر رووبەری 250 مەتر دروستکراوە، دواتر فراوانکراوە بۆ 700 مەتر، لەلایەن ھاوڵاتییەکی قەزای دەربەندیخان بەناوی حاجی تالیب دروستکراوە.

بەھادین ئەحمەد، ھاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە، دوکانی ھەلاجیی لە تەنیشت حەمامەکە ھەبووە، بە 964ـی وت، “ئەوکاتە فیرقەیەکی سوپای عێراق لەسەر بەنداوەکەی دەربەندیخان جێگیرکراون، حاجی تالیب رۆیشتووەتە لای بەڕێوەبەری ناحیەی ئەوکاتە، داوای دروستکردنی جێگایەکی کردووە بۆ خۆشۆردنی سەربازەکان و دواتر ئەو حەمامەی دروستکردووە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

کۆنترین حەمامى هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە

کۆنترین حەمامى هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە