قەڵاکەی غازی عەنتاب پێش و پاش داڕوخانی
بومەلەرزە بەشێک لە قەڵا بەناوبانگەکەی غازی عەنتابی داڕوخاند
+964هێرۆ مەولودی
بومەلەرزە بەهێزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تورکیا، بەشێک لە قەڵای دیلۆکی داڕووخاند، کە دەکەوێتە شاری غازی عەنتاب و تەمەنی بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئەو قەڵایە لە سەردەمی رۆمانییەکان دروستکراوە، سەرەتا وەکو بنکەی پۆلیس بەکارهاتووە، لە سەدەیی دووەم و سێیەمی زایینی، بەرزییەکەی 30 مەترە و 12 قولەی چاودێریکردنی تێدا بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر تورکیا و سوریای بە توندی هەژاند و لە چەندین وڵاتیش هەستی پێکراوە لەناویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان.
تاوەکو ئێستا بەهۆی بومەلەرزەکەوە لەو دوو وڵاتە زیاتر لە 600 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بریندار بوون.