"خەریکبوو کارەسات بقەومێ"

لە گەڕەکی سێتاقانی هەولێر ئاگرێک کەوتەوە و زوو کۆنتڕۆڵکرا

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

لە گەڕەکی سێتاقانی هەولێر ئاگرێک کەوتەوە و وتەبێژی بەرگری شارستانی پایتەخت دەڵێت، تیمەکانیان زوو گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە، ئەگەرنا کارەسات روویدەدا.

شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، “کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تیمەکانمان ئاگادار کراونەتەوە لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە لە گۆرەپانی ژیان کە تایبەتە بە بازاڕی داون تاون و وەک کۆگایەک بەکارهاتووە”.

“کارمەند و پاسەوانەکانی بازاڕی داون تاون ئەو پوش و پەڵاشەی لێرە هەبووە ئاگریان تێبەرداوە، بەنزینیشیان بەکارهێناوە و ئاگرێکی گەورە کەوتبووەوە”، شاخەوان سەعید وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ تیمیان لە کەمتر لە پێنج خولەک گەیشتوونەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەگەر زوو نەگەیشتنایە کارەسات دەقەوما، چونکە مەوادێکی زۆر لەو شوێنە هەیە کە رووبەرێکی گەورەیە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری