ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا
بودجە و نەوت
ئەمریكا بۆ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتە سەر خەت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر هێڵن بۆ رێككەوتن لە بارەی بودجە، كە ئەمەش وا دەكات پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم ئاسانتر بێت.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.1.2025 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە باڵەخانەی وەزارەتەكەی وتی، لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە پەیوەندیدا بووین بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی بەردەوام لە بارەی بودجە، كە ئەمە وادەكات پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم ئاسانتر بێت.
وتیشی، “ئاگاداربووین لە پێداچوونەوەی هەمواری بودجە لەم هەفتەیەدا و هانیان دەدەین بە خێرایی پەسندی بكەن”.
ئەم قسانەی ماتیۆ میلەر دوای ئەوە دێت، هەرێمی كوردستان و بەغدا دوو هەفتەیە خەریكی وەڵام و راگەیاندراوی دژ بە یەكن، لە بارەی بودجە و پرسی بەرهەمهێنانی نەوت و موچەی فەرمانبەران، هەروەها هەر لەم چوارچێوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ زۆربەی سەركردە سیاسییەكانی عێراق كۆبوونەوەی كرد، هەروەها ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ كونسڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە كوردستان كۆبوونەوە و لە بارەی كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، زانیاری و داتا و كرۆكی كێشەكانیان خستەڕوو.