پێنجەم دۆڕانی ئەم وەرزە

هەولێر بەرامبەر تەڵەبە نەیتوانی خۆی رابگرێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

یانەی هەولێر جارێكی دیكە نەیتوانی بردنەوە تۆمار بكات و ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی تەڵەبە لە بەغدا دۆڕا.

لە گەڕی 14ی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە بەغدا و لە یاریگەی كەرخ “یاریگەی ئەحمەد رازی” یاریی كرد و هەرچەندە سەرەتا بە گۆڵێكی شێركۆ كەریم پێشكەوت، كە بە پەناڵتی تۆماری كرد، بەڵام دواتر دوو گۆڵی لە لایەن یانەی تەڵەبەوە لێكرا و تووشی شكست بوو.

ئەمە پێنجەم دۆڕانی یانەی هەولێرە لەم وەرزە لە كۆی 14 یاریدا، تیپەكە كێشەی لە هێڵی بەرگری هەیە و وا پێدەچێت پێویستی بە یاریزانی دیكە بێت.

هەولێر لە كۆی 14 یاری، 5 دۆڕان، 4 یەكسانبوون و 5 بردنەوەی هەیە، ئێستاش بە 19 خاڵ لە پلەی دەیەمی خولەكەیە، یاری دوای یاری لە ریزبەندییەكە دەكەوێتە خوارەوە.