قەرەبوو دەکرێنەوە

خاوەن زەوییەکانی حەسەن ئاوا لە پێنجوێن سەردانی شارەوانی بکەن

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

ئەو زەویانەی کە لەلایەن شارەوانییەوە دیاریکراون بۆ ئەوەی بدرێن بە فەرمانبەران، زەویی کشتوکاڵین و حەقی جوتیاریان بەسەرەوەیە، ئێستا جیا دەکرێنەوە و شارەوانیش دەیەوێت قەرەبووی جوتیارەکان بکاتەوە.

رەوف رەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، ئەو زەویانە نە تاپۆیان هەیە و نە عەقد و موڵکی شارەوانین، بەڵام بەهۆی ئەوەی دانیشتوانی ناوچەکە کاری کشتوکاڵیان تێدا کردووە و مافیان هەیە لەو زەویانە، ئێستا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران قەرەبوو دەکرێنەوە.

وتیشی، لە ئێستادا داوایان لە خاوەن زەوییەکانی حەسەن ئاوا کردووە، سەردانی شارەوانی بکەن بۆ ئەوەی رووپێوی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بکەن و تۆماریان بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبوو.

“قەرەبووەکە بەو شێوەیەیە کە بۆ هەر دوو دۆنمێک زەوی کشتوکاڵی، پارچەیەک زەویی نیشتەجێبوون لەو زەویانە دەدرێتە خاوەنەکانیان یاخود بەرێژەی لە %3 زەویان بۆ دیاری دەکرێت و دوای ئیفراز کردن قەرەبوو وەردەگرنەوە”، رەوف رەشید وای وت.

باسی لەوەشکرد، بۆیە ئەو کارە دەکەن بۆئەوەی ژمارەی خاوەن زەوییەکانیان بۆ دەربکەوێت و پێشتریش، کاری زەوییەکانی بەرامبەر کارگەی غازی پێنجوێن کە لەسەر رێگای خێرای باشماخە تەواو کردووە و ئامادەکراوە.

ئەو زەوییانەی کە دەدرێتە فەرمانبەران دەکەوێتە سەر رێگای باشماخ و درێژ دەبێتەوە تا نزیک گوندی حەسەن ئاوا و زەوییەکانیش پەیوەستن بە سەنتەری قەزای پێنجوێنەوە و دوور نین.

پێداچوونەوە: هاوبەش

خاوەن زەوییەکانی حەسەن ئاوا لە پێنجوێن سەردانی شارەوانی بکەن

ئەنجومەنی فشار لە شارەزوور: شوێنی زەویمان گۆڕاوە

ئەنجومەنی فشار لە شارەزوور: شوێنی زەویمان گۆڕاوە