سەردانی کارەبای سلێمانی بۆ وێستگەکە
کارەبای سلێمانی چوون
ئاوەکەی دەربەندیخان 160 مێگاوات کارەبای لێ بەرهەم دەهێنرێ
ئەحمەد مستەفا
دوو یەکە لە وێستگەی کارۆئاوی دەبەندیخان بەگەڕخراوە و زیاتر لە 160 مێگاوات کارەبای خستووەتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانیی، ئەمڕۆش بەڕێوەبەر و تیمێک لە کارەبای سلێمانی چوون بۆ لایان.
کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، ئەندازیار ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی و ئامانج محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان تیمێکی هاوکاریان، سەردانی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان و وێستگەی کارۆئاوی دەربەندیخانیان کرد.
گفتوگۆکراوە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکان و ئامادەکارییەکان بۆ پرۆژەی رووناکی لە سنوری دەربەندیخان، وە سەردانی وێستگەی کارۆئاوی دەبەندیخان کراوە.
کارەبای سلێمانی دەڵێ، دەستخۆشی لە ستافەکە کراوە کە کاری باشیان کردووە و توانرا دوو یەکە بەگەڕبخرێتەوە و زیاتر لە 160 مێگاوات کارەبا بخاتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و باس لە بەگەڕخستنەوەی یەکەی سێیەم کراوە.
پێشتر، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژە بوونی گرفتی تەکنیکی کرد، وە وتی، بەهۆیەوە پێدانی کارەبا کەمدەکەنەوە “بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی، هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەوە”.
گەرما و سەرما کاریگەری لەسەر خواستی کارەبا هەیە، لە وەرزی زستانی ئەمساڵ، خواستی کارەبا لەسەر بەکارهێنان 7500 مێگاواتی تێپەڕاندبوو، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا 3500 مێگاوات بوو.