دیمەنێک لە دەروازەی قەزای شارەزوور _ وێنە: 964
زەوی ئیفرازی کەمە
ئەنجومەنی فشار لە شارەزوور: شوێنی زەویمان گۆڕاوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ژمارەیەک فەرمانبەر لە توێژە جیاوازەکان لە قەزای شارەزوور، لە ژێر ناوی ئەنجومەنی فشار بۆ دابەشکردنی زەویی شیاو دەڵێن، “ئاگادارن، چەندینجار نەخشەی ئەو زەوییانە گۆڕدراون، کە بڕیاربووە تەرخانبکرێن بۆ فەرمانبەران”.
ئەوان لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، باسیان لەوەکردووە، “ئێمە وەک نوێنەری مامۆستایان و تەندروستکاران و فەرمانبەرانی سنوورەکە و پێشمەرگە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان، ئەم پەیامەتان ئاڕاستە دەکەین”.
لە بەیاننەکەدا دەڵێن، “ئاگادارین لە سەروەختی دەرچوونی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی پارچەزەویی بۆ موچەخۆران، ئێوە بەهۆی بەرژەوەندیی کەسیی و دەستتێوەردانی حیزبی و عەشایەریی و بەرژەوەندیی کۆمپانیای وەبەرهێنان، چەندینجار نەخشەی ئەو زەوییانەتان گۆڕیوە، کە بڕیاربووە تەرخانبکرێن بۆ فەرمانبەران”.
پێشتر شارەوانی شارەزوور، گرفتی نەبوونی زەوی ئیفرازی هەبوو؛ بۆیە جیاواز لەو فەرمانبەرانەی بڕیارە زەوییان پێ ندرێ، گرفتی بەردەم قەزاکە نەبوونی زەوی بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانەشی فەرمانیان هەیە، هەربۆیە تائێستا ژمارەی دروستی ئەو کەسانە بەردەست نییە کە لە چاوەڕوانی زەویدان.
ئەوان دەڵێن، “دابەشکردنی زەویی بەسەر مووچەخۆرێکدا، کە چەندین ساڵ خزمەتی هەیە و زیاد لە 40 موچەی دزراوە لەلایەن خودی دەسەڵات و تەنیا جاریش بۆی هەیە لەو مافە سوودمەند ببێت، نە خێرە و نە پیاوەتی و منەت، بەڵکو ئەرکی سەرشانی لایەنی پەیوەندیدارە. لەبەرئەوە پێمان باشە خۆتان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی پڕچەرمەسەریی موچەخۆران، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن”.
(ر.ح) کە فەرمانبەرە و لە قەزای شارەزوور دەوام دەکات ئەمڕۆ هەینی 10.1.2024، بە 964ی وت ئەوان داوایان دەکەن، لەبری بازرگانی و خاترگرتن، شارەزوور، پڕیەتی لە زەویی بەپێز بۆ نیشتەجێبوون، بەرپرسان هەنگاو بنێن و ئەو زەوییانە تەرخانبکەن بۆمان و ئەو شوێنە بێکەڵکانەی دەستنیشانتان کردوون؛ بگۆڕن بەزووترین کات.
ئەو باسی لەوەکرد، ئەنجومەنەکەیان بڕیاری وایە لە ئەگەری بەدەمەوەنەهاتنی پەیامەکەیان، لە رۆژانی ئایندەدا چەند رێکارێکی مەدەنی و یاسایی و میدیایی و ناڕەزایەتی بگرنەبەر. لە بەیاننامەکەدا دەڵێن، “بێگومان بەشی ئەوە بەڵگە و دۆسیە و زانیاریی و پشتیوانیمان کۆکردووەتەوە”.
بەرپرسانی خۆجێی قەزاکە نایانەوێ، قسە لەسەر بڵاوکراوەی ئەو ئەنجومەنە بکەن، ئەوەش دوای سۆراغی 964، بەڵام لە رۆژانی ئایندە گۆڕانکاری نوێ هەبوون لە زاری فەرمانبەرەکان و ئەنجومەنەکە یان بەرپرسانی خۆجێی قەزاکە، گرنگی دەبێت و بڵاویان دەکەینەوە.