ئەمجارە سوڵحی عەشایەری نەبووە فریادڕەس

سەرەڕای سوڵحی عەشایەری، بکوژی یوتیوبەرەکەی دهۆک سزادرا

میدیازان – هەژین رێکانی – دهۆک

سەرەڕای ئەوەی لەنێوان بنەماڵەی هەردوولا سوڵحی عەشایەری کرابوو، بەڵام دادگای دهۆک سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر بکوژی ئەیاز سەردار سەپاند.

جگە لە بکوژی سەرەکی کە سزا درا، دوو کەسی دیکەش لە تاوانەکە تێوەگلابوون و هەر یەکێکیان سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27-6-2022 لەنێو بازاڕی دهۆک تەقە لە ئەیاز سەرداری تەمەن 29 ساڵ کرا و گولـلە بەر سەری کەوت و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەیاز سەردار یوتیوبەرێکی شاری دهۆک بوو.

دوای 11 رۆژ سێ تۆمەتبار لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە رادەستی هێزەکانی پۆلیس کران و پۆلیسی دهۆک وتی، تۆمەتبارەکان دەستگیر کراون. بەڵام دواتر سوڵحی عەشایەری لەنێوان بنەماڵەی بکوژ و کوژراودا کرا.

ئەیاز سەردار لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژرا، بنەماڵەکەی کەسێکیان لە کەسوکاری بکوژ کوشتبوو، ئەوانیش لەبەرامبەردا ئەیازیان کوشتەوە.

یەکێک لە کەسوکاری ئەیاز کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت قسەی بۆ میدیازان کرد، ئەو وتی، “کێشەکە چارەسەر کراوە و هەردولا رێککەوتوون و تاوانبار بە سزای خۆی گەیشتووە و هەردوولامان لە ئێستادا هیچ کێشەیەکمان نیە، نامانەوێت بابەتەکە گەورە بکەین.”