رێگەی زینی وەرتێ وێنە: سۆشیاڵ میدیا
تیمەکان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە
بەفر لە زینی وەرتێ و ئیدارەی سۆران هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی سەخت کردووە
964+
ژێوار خدر
بەهۆی بارینی بەفرەوە لە سنووری ئیدارەی سۆران لە چەند ناوچەیەک هاتوچۆی ئۆتۆمبێل سەخت بووە و تیمەکانیش بەڕێگەوەن بۆ راماڵینی بەفر و چارەسەرکردنی رێگەکە.
موحسین تەحسین، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی وت، رێگەی چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران بەهۆکاری بارینی بەفر لە لۆفەکانی ئازادی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست بووە، هەر بەو هۆکارەش ترێلەیەک لە رێرەوی خۆی لایداوە، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە و تیمەکانی چاککردنەوەی رێگە و بان خەریکی راماڵینی بەفرەکەن و ئێستا هاتوچۆ کردن لە رێگەکەدا ئاساییە.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بۆ 964 وتی، لە زینێ وەرتێش بەهۆی بارینی بەفرەوە هاتوچۆ کردن بە رێگەکەدا سەخت بووە، بەجۆرێک تەنیا ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسل دەردەچێت.
وتیشی، بەفرەکە زۆر نییە، بەڵام بەهۆی شەختەوە هاتوچۆ کردن سەخت بووە، لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا ئامێری راماڵینی بەفر دەگاتە زینەکە بۆ رشتنی خوێ و چارەسەر کردنی رێگەکە.