رێکەوتن کراوە

حکومەتی عێراق: شەڕڤانەکانی یەپەشە لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا یەکدەخرێن

ئەحمەد مستەفا

حکومەتی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، رێوڕەسمی کۆتاییهێنان بە پەیوەندیی سەربازیی یەکەکانی پاراستنی شنگال “یەپەشە” و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.

بەپێی راگەیەندراوی سەباح نوعمان، وتەبێژی سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەم هەنگاوەدا بەرپرسیارێتیی ئەمنیی چیای شنگال دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتی عێراق بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدایە و ئامانجی دامەزراندنی قۆناغێکی نوێی بەرپرسیارێتیی ئەمنییە لە قەزای شنگال.

حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا سوپاسی قوربانی و تێکۆشانی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزیدی دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی عێراق، بە تایبەتی ناوچەی شنگال.

هەروەها جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور دەکاتەوە کە دامەزراندنی گرووپی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغە دەکات.

حکومەتی فیدراڵی هەروەها رایگەیاندووە کە بەرپرسیارێتیی تەواوی پاراستنی مافەکانی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزیدی دەگرێتە ئەستۆ کە لە دژی تیرۆر شەڕیان کردووە، هەروەها قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هێرشە تیرۆریستییەکان و نۆژەنکردنەوەی قەزای شنگال لە بەرنامەکەیدایە.