هەڤاڵ ئەبوبەکر:

“دەمانەوێت هەموومان لە پێنجوێنەوە فێرببین”

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

پرۆژەی شاری فێربوونی پێنجوێن ساڵی داهاتوو دەچێتە نێو شارە جیهانییەکانی یونسکۆ بۆ فێربوون و پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، دەمانەوێت بیکەینە یەکەم پرۆژەی تۆمارکراو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەمڕۆ لە دیداری پێنجوێن شاری فێربوون چالاکییەکانی پرۆژەکە لە ماوەی دووساڵی رابردودا و سەردانەکەیان بۆ وڵاتی سعودییە خرایەروو.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی  بە 964یی وت، هەوڵەکانی خەڵکی پێنجوێن لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆر هاوکاری پرۆژەکەبوون و توانیویانە بەشێک بن لە پێشخستنی پرۆژەکە و پرۆژەکە بەشداری لە شەشەمین کۆنگرەی یونسکۆ کردووە.

وتیشی، دەمانەوێت پێنجوێن لە ناوچەیەکی سنورییەوە ببێتە ناوێکی گەورەی ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەم هەنگاوەش بۆ پێنجوێن گردنی لایەنی پەروەردەیی و ئابوری و گەشتیاری دەبێت.

“پێنجوێن دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ کە هەر نەک خۆی شاری فێربوون بێت بەڵکو ئێمەش لە هەموو شوێنەکانی تر لە پێنجوێن فێر ببین” دکتۆر هەڤاڵ وای وت.

باسی لەوەشکرد، لە سەردانەکەیان بۆ وڵاتی سعودییە سەرۆکی شاندەکە بووە و توانیویانە هەنگاوی باش بنێن و بۆ یەکەمینجارە شارێک بەشداری لەو کۆنگرە کردووە کە ئەندام نەبووە تیایدا و ئەوەش ئامانجێکی گەورەی کوردستانە.

دووساڵ لەمەوبەر پرۆژەی پێنجوێن شاری فێربوون دامەزرا و تا ئەمڕۆ بەشێوەیەکی رۆژانە خولی تایبەت بە لایەنی تەندروستی و ژینگەیی و ژنان و پەروەردە و تەکنەلۆجیا و سیمینار و راهێنانی تێدا بەڕێوەدەچێت.

پێداچوونەوە: تونا نەقی

شاندى پێنجوێن (شارى فێربوون) له‌ سعودیه‌ن بۆ خۆتۆمارك...

شاندى پێنجوێن (شارى فێربوون) له‌ سعودیه‌ن بۆ خۆتۆماركردن له‌ ئاستی نێودەوڵەتیدا