سەرۆك وەزیران بەدواداچوونی دەوێت

ماڵپەڕ و ئەپی IMDB لە عێراق دەكەوێتەوە كار

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران، داوای لە وەزارەتی گەیاندن كردووە، چاو بە بڕیاری راگرتنی كاركردنی ماڵپەڕ و ئەپی IMDB لە عێراق بخشێنێتەوە و داواشی كردووە وەزارەتەكە لەخۆیەوە بڕیاری لەو شێوەیە نەدات.

IMDB ماڵپەڕێكی جیهانییە و ئەپیشی هەیە، ، كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی فیلم و دراما تەلەڤزیۆنییەكان لە جیهاندا، لە 26.11.2024 بە بڕیاری وەزارەتی گەیاندنی عێراق، كاركردنی ماڵپەڕ و ئەپەكەش لە عێراق قەدەغە كرا و راگیرا، بە بیانووی ئەوەی ئاستی كارەكانی نزمە و زیان بە دابونەریتی كۆمەڵگەی عێراقی دەگەیەنێت، ئەمەش لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستان ماڵپەڕەكە دەكرایەوە و هیچ كێشەی نەبوو.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی فەرمانێكی ئاراستەی وەزارەتی گەیاندن كردووە سەبارەت بە داخستنی ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست.

بە پێی نووسراوەكەی سەرۆك وەزیران، داوا لە وەزارەتەكە كراوە چاو بە بڕیاری داخستنی هەردوو ماڵپەڕی IMDB و Soundcloud بخشێندرێتەوە.

هەروەها سودانی داوای لە وەزارەتەكە كردووە، “پێش ئەوەی ئەو جۆرە بڕیارانە بدەن، ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەن”.

لە بارەی ئەو ماڵپەڕەی فیلم و ناوەڕۆكەكەی، عەلی حەمدانی كە وەرگێڕێكی دیار بواری فیلم و دراماكانە لە عێراق، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “بڕیاری راگرتن و كارنەكردنی ماڵپەڕی  IMDBلە عێراق بۆ ئێمە زۆر جێی سەرسوڕمان بوو، چونكە ماڵپەڕەكە كاری هەڵسەنگاندن بۆ ئەو فیلم و درامایانە دەكات، كە ئەمڕۆ لە رێگەی جیاوازە لە بەردەستی هەموو هاوڵاتییەكی عێراقدایە، هیچ كارێكی نەشیاوشی تێدا نییە”.

وتیشی، ئەگەر ترس لە برەوپێدانی بابەتی سێكسی و هاوڕەگەخوازی لە هەندێك لە فیلم و دراماكان هەیە، ئەوە كارێكە تەنیا لە فیلمەكاندا نییە و ئەمڕۆ لە ئاستی جیهان و بە پاڵپشتیی گەورە و لە رێگەی زۆر و جیاوازە كاری بۆ دەكرێت، بۆیە بە راگرتنی ماڵپەڕێك یان ئەپێك، هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت”.