"یان دەردەچی یان تێدەچی"
هاندەرانی یانەی هەولێر لە پرسی هەڵبژاردنی یانەكەیان نیگەرانن
964+
شۆڕش هەركی – هەولێر
ژمارەیەك لە هاندەرانی یانەی هەولێر ئەمڕۆ لە یاریگەی دووەمی یانەكەیان گردبوونەوە و بە نیگەرانییەوە چاوەڕێی بارودۆخی یانەكەیان بوون، كە خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەن، ئەندامێكی دەستەی هاندەرانیش دەڵێت، با هەڵبژاردن بكرێت و ئەو كێشەیە كۆتایی بێت و بارودۆخی تۆپی پێی یانەكەیان تێكنەچێت.
هێمن سورچی لە دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 23.12.2024 بە 964ی راگەیاند، ئەوان نیگەرانن لە بارودۆخی تۆپی پێی یانەكەیان، كە زیاتر لە 50 رۆژە یاریزانەكان موچەیان وەرنەگرتووە.
وتیشی، سبەی تیپەكە یاریی هەیە و پێویستە راهێنەر و یاریزانان خۆیان لە كەس نەبەستنەوە و یاریی خۆیان بكەن، دەستەی هاندەرانیش بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتییان دەكەن.
“با دەستەی ئێستای یانەی هەولێر، كە كاتیین، لە هەڵبژاردن نەترسن، با هەڵبژاردن بكرێت و ئەو كێشەیە كۆتایی بێت، یان دەردەچن یان تێدەچن”، هێمن سورچی وای وت.
بڕیارە 25ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆك و دەستەی كارگێڕی بۆ یانەی هەولێر بكرێت، بەڵام كێشەی گەورە هاتووەتەپێش و ژمارەیەك لە یاریزانان و ئەندامانی پێشووی یانەكە سكاڵایان تۆماركردووە بەوەی ناویان لە دەستەی گشتیدا نییە و دەیانەوێت بەشداریی بكەن و دەنگ بدەن، یان هەیانە دەیەوێت خۆی كاندید بكات.
ئێستا دەستەیەكی كاتی كاروباری ئیدارەی یانەی هەولێر بەڕێوەدەبەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا