"بێیتە سلێمانی و کەباب نەخۆیت نابێ"
تەمەنێکە دەست و پەنجەی لەگەڵ کەبابدا نەرمکردووە
دیلان محەمەد- سلێمانی
زیاتر لە نیو سەدەیە دەست و پەنجەی لەگەڵ کەبابدا نەرمکردووە و دەڵێت، “هەموو رۆژێک کەباب دەخۆم”.
ئەو وەستا وەلی عەلی، خاوەنی کەبابخانەی وەلیە و بۆ 964 دەڵێت، ساڵی 1971 بە شاگردی دەستم بە کارکردن کرد و ساڵی 1981 یەکەم کەس بووین کەبابی دەبڵمان لە سلێمانی دروستکرد”.
“ئەو کاتە گەیاندنی خواردن بە پاسکیل بوو دەبوو لە پاسکیل بزانیت ئینجا لە کارەکە وەردەگیرایت، لە پێشی پاسکیلەکە سەبەتەیەک هەبوو خواردنەکەی تێدەکرا و هەندێک جاریش سەمونی پێدەفرۆشرا”. وەستا وەلی وادەڵێت.
لەبارەی جیاوازیی نرخی کەبابێک لە سەردەمی پێشوو لەگەڵ ئێستادا، وەستا وەلی دەڵێت، کەبابێک بە 15 فلس بوو، بەڵام ئێستا بە شەش هەزار دینارە.
لە وەسفی سلێمانیدا، وەستا وەلی دەڵێت، “سلێمانی لای من دایکە، سلێمانی بە کەباب، کفتە و یاپراخی سڵق بەناوبانگە بێیتە سلێمانی و کەباب نەخۆیت نابێ”.
پێداچوونەوە: کوردستان جەلال