باسکە.. عێراق لە کوردستانی بردەوە

+964

شیڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە یارییەکی دۆستانەدا لە یاری تۆپی باسکە هەڵبژاردەی کوردستان بە هەڵبژاردەی عێراقی دۆڕاند.

ئێوارەی ئەمڕۆ، چواری شوباتی 2023، لە هۆڵی وەرزشی زاخۆ، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی کوردستان یارییەکی دۆستانەیان ئەنجامدا، یارییەکەش بە 99 خاڵ بۆ بەرژەوەندی عێراق بەرامبەر بە 71 خاڵ بۆ کوردستان کۆتایی هات.

گێمی یەکەمی یارییەکە، لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی عێراق کۆتایی هات، لە گێمی دووەمدا هەڵبژاردەی کوردستان توانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام لە گێمی سێیەمدا جارێکی دیکە عێراق پێشکەوت، لە گێمی چوارەم و کۆتاییدا هەڵبژاردەی کوردستان هەوڵی زۆریدا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوون، بە پێچەوانەوە هەڵبژاردەی عێراق ژمارەی خاڵەکانی زۆر زیاتر کرد و نێوانی خۆشی لەگەڵ هەڵبژاردەی کوردستان زۆر دوورخست، بەمەش توانی یارییەکە بە ئەنجامی 99 خاڵ بەرامبەر بە 71 خاڵ لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت.

دوای یارییەکە، جوتیار عەلی، راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان بۆ تۆڕی964 قسەی کرد، “ئەمە یەکەم یاری بوو کە “کردمان، لە داهاتوودا هەوڵی زیاتر دەدەین و خۆمان باشتر رێکدەخەینەوە و خاڵە لاوازەکانیش چارەسەر دەکەین.

“ئێستاش ئامادەین هەر پاڵەوانیەتییەکی هەرێمی هەبێت بەشدار بین، دەمانەوێت ئەزموونی زیاتر پەیدا بکەین”.