لە سۆران

بادلیان و دێلزیان ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات

964+

ژوولی عەدنان

ساڵانێکە بسنووری بادلیان و دێلیزیان لە قەزای ناوەندی سۆران ئاویان باشنییە و بەشی تەواوی دانیشتوانەکەی ناکات، بەشێکی دێلیزیان بە تەنکەر ئاوی بۆ دەچێت، کێشەکەیان پێنج مانگی تر چارەسەر دەبێت.

بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکەوە کێشەی گەیاندن و دابینکردنی ئاو بۆ ئەو دوو گەڕەکە درووست بووە.

یوسف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بە 964ـی وت ” پێشتر دەتوانرا ئاوی گەڕەکی 7 ی ئازادی لەگەڵ بادلیان بەشبکرێت و بەشێکی دێلیزیان بە تەنکەر ئاوی بۆ دەبرا بەڵام ئێستا بەهۆی فراونبوونی گەڕەکەکانەوە ئاو بەشی ناکات”.

ئەم دوو گەڕەکە دەکەوێتە سەنتەری قەزای ئیدارەی سۆران بۆ گەیاندنی ئاو پێویستە شاخێک ببڕدرێت و لە روبارەکەوە ئاو بەرزبکرێتەوە بۆسەر گردێک ئینجا پاکبکرێتەوە دوای ئەوە بۆڕی بۆ ماڵەکان رابکێشرێت.

یوسف ئەحمەد دەڵێت ” بەنزیکەیی 5 مانگمان دەوێت تا پڕۆژەکە تەواو دەبێت، هەوڵ دەدەین بۆ بەهار تەواوی بکەین بەڵام لەوانەیە باران و وەرزی زستان بمانگەیەنێتە دواتر”.

فراوان بوونی گەڕەکەکان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان هۆکارێکی دیکی کەم بوونەوەی ئاوە ” ئەو کەسانەی لەم پڕۆژەیە سوودیان پێدەگات نزیکەی بیست هەزار کەس دەبێت” یوسف ئەحمەد وای وت.

پرۆژەکە پێکدێت لە دانانی بۆری سەرەکی ئاوی خواردنەوە بە درێژایی 2800 مەتر و دانانی سی غەتاس و سێ سێت پەمپ و درووستکردنی عەمباری کۆنکرێتی.

ئەو پارەیەی بۆ ئەم پڕۆژەیە دانروە 813 ملیۆن و 455 هەزار دینارە و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەریمی کوردستانە و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران جێبەجێی دەکات.