مەزڵوم عەبدیش داوا دەکات کۆبانێ بکرێتە ناوچەیەکی لەچەک داماڵدراو

ئاگربەستی نێوان هێزە کوردییەکان و گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە منبج درێژکرایەوە

964+

شۆڕش قادری

ئاگربەستی نێوان هێزە کوردییەکان و گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە منبج تا کۆتایی ئەم هەفتەیە درێژکرایەوە و مەزڵوم عەبدیـش داوا دەکات، کۆبانێ بکرێتە ناوچەیەکی لەچەک داماڵدراو.

ئەمریکا هەوڵی درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزە کوردییەکان و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە منبج دەدات و دەڵێت، بەدوای لێکتێگەیشتنێکی فراوانتر لەگەڵ ئەنقەرە دەگەڕێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 17.12.2024 ماتیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئاگربەستی منبج لە نێوان هێزە کوردییەکان و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کە بەسەرچووە، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە درێژکراوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیواخوازن دوای ئەو وادەیەش، ئاگربەستەکە بۆ کاتێکی زیاتر درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ئەنجامێکی باشتر.

“شەر لە سوریا لە قازانجی هیچ لایەنێکدا نییە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو”، میلەر ئەوەشی وت.

هاوکات مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، “پابەندبوونی پتەوی خۆمان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە سەرتاسەری سوریا رادەگەینین و ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی لەچەک داماڵدراو لە شاری کۆبانێ، لەگەڵ دووبارە دابەشکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی ئەمریکادا”.

بە قسەی مەزڵوم عەبدی،  “ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە، چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی هەمیشەییە لە ناوچەکەدا”.

دوای رووخانی رژێمی سوریا، شەڕی نێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و هێزە کوردییەکان لە منبج و ناوچەکانی نزیک لە کۆبانی گەرم بووەوە و چەند رۆژێکیشە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەگەری زۆرە تورکیا هێرش بکاتە سەر کۆبانێ و ئەمڕۆش هەسەدە هۆشدارییەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تا کۆتایی، دژی هەر هێرش و پیلانگێڕییەک دەوەستنەوە.

هەسەدە بانگەوازێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و هۆشداریداوە 

هەسەدە بانگەوازێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و هۆشداریداوە 

ئەنجومەنی سەربازیی منبج: 210 چەکداری نزیک لە تورکیامان ک...

ئەنجومەنی سەربازیی منبج: 210 چەکداری نزیک لە تورکیامان کوشتووە

بە مەرج هەسەدە و گروپە چەکدارەکان ئاگربەستیان کردووە

بە مەرج هەسەدە و گروپە چەکدارەکان ئاگربەستیان کردووە