دوای سێ رۆژ لە سووتانی؛ ئاگری گوندەکانی هەڵەبجە بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا
964+
پەری ساڵح
دوای سێ رۆژ لە بەردەوامبوونی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەو ئاگرە گەورەیەی کە لە سنووری ئێرانەوە پەڕیبووەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا.
ئاگرەکە کە بەیانی رۆژی 14ـی تەمموزی 2026 لە سنووری گوندی “گریانە”وە دەستی پێکرد، دارستان، رەزوباخ و پوش و پاوانی گوندەکانی (گریانە، دەرەتوێ و هەوارە کۆن)ی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە سوتاند.
زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند: پێشتر سێ جار ئاگرەکەمان کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام بەهۆی سەختی جوگرافیای ناوچەکە و کەوتنەخوارەوەی پشکۆی درەختە سووتاوەکان، ئاگرەکە دووبارە سەریهەڵدەدایەوە، بەڵام دواجار ئێوارەی ئەمڕۆ توانرا بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.
پێشتر وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە ئاشکرای کردبوو کە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، نزیکەی هەزار دۆنم دارستان و پاوانی سروشتی سووتاون، هەروەها سێ کارمەندی بەرگری شارستانی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا بە سووکی بریندار بوون.