بۆ یەکەمجار لە هەولێر منداڵی توشبووی شێرپەنجە بە تیشک چارەسەر کرا - وێنە: تەندروستی هەولێر
چیدی پێویست ناکات بچنە شارەکانی دیکە و دەرەوەی وڵات
بۆ یەکەمجار لە هەولێر منداڵی تووشبووی شێرپەنجە بە تیشک چارەسەر کرا
964+
شۆڕش قادری
بۆ یەکەمجار لە هەولێر منداڵێكی تووشبووی شێرپەنجە بە تیشک چارەسەر کرا و چیدی پێویست ناکات بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە، منداڵەکانتان ببەنە شارەکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی وڵات.
سامان سەلمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 15.12.2024 بۆ یەکەمجار و بە شێوەیەکی سەردەمیانە دەستکرا بە چارەسەرکردنی منداڵی تووشبووی شێرپەنجە بە تیشک لەسەنتەری ئاوات”.
“چیدی پێویست ناکات هاوڵاتیان منداڵانی توشبووی شێرپەنجە ببەنە شارەکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی وڵات و هەر لە هەولێر بە تیشک چارەسەریان بۆ دەکرێت”، سامان سەلمان وای وت.
روونیشیکردەوە، چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک باشترین شێوازە، چونکە منداڵەکە دەخەوێنرێت و ئیدی لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر جموجۆڵ ناکات.
سامان سەلمان ئاماژەی بەوەش کرد، سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە رۆژانە 160 بۆ 170 نەخۆش وەردەگرێت و لە کاتژمێر 8ـی بەیانی بۆ 10ـی شەو کراوەیە.