“پڕۆژەیەکی گرنگ بوو”

وەزارەتی شارەوانی: قیرەکەی خەلیفانی نوێمان تەواو کرد

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی شارەوانی دەڵێ، پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامەکانی گەڕەکی خەلیفانی نوێ لە خەلیفانی ئیدارەی سۆران جێبەجێ كران.

خەلیفانی نوێی گەڕەکێکی بونیادنراوی قەزاکەیە، بۆ ئەو کارە 842 ملیۆن و 625 هەزار دینار تەرخانکراوە.

لە دیمەنەکان دەردەکەوێ تیم و ئامێرەکان پێکەوە، قیر رێژی کۆڵانەکان دەکەن، ژمارەیەک لەو کۆڵانانەی قیردەکرێن دەردەکەوێ تازە خانووی تێدا دروست دەکرێ، ژمارەیەک هاوڵاتیش سەیری کارکردنی تیمەکان دەکەن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 16.12.2024 لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سۆران و سەرۆكایەتیی شارەوانیی خەلیفانەوە سەرپەرشتیی کراوە.

بە گوێرەی بڵاوکراوەی وەزارەتەکە، ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانی شارەوانی بۆ دانیشتووانی ئەو سنوورە و بەهۆیەوە ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە خەلیفان بەرز دەکاتەوە.

رووبەری گشتی خەلیفان 205 هەزار و 118 دۆنمە، 105 کیلۆمەتر لە هەولێری پایتەخت و 11 کیلۆمەتر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوورە، چوار رێگای سەرەکی رانیە، بارزان، سۆران بە هەولێر دەبەستێتەوە.