زیاتر لە شەش گەڕەک بۆ ماوەی 9 کاتژمێر بێ کارەبا دەبن

کێشەی وێستگەیەکی کارەبا نیوەی خانەقینی بێ کارەبا کردووە

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

لە کاتژمێر 3:30ی شەوی رابردووەوە وێستگەی کارەبای پاشا کۆپری لە خانەقین، کە ژمارەیەک گەڕەکی لەسەرە لە کارکەوتووە و ئەمەش بەشێکی گەڕەکەکانی خانەقینی بێ کارەبا کردووە.

ئەحمەد سۆمەر، بەرێوەبەری بەشی راگەیاندنی کارەبای باشووری دیالە بە 964ـی وت، لە درەنگانی دوێنێ شەوەوە وێستگەکە دووچاری کێشەیەک بووتەوە و لەکار کەوتووە ، کارمەند و ئەندازیارەکان ماوەی چەند کاتژمێرێکە لە هەوڵی چاککردنین و بڕیارە ئەمڕۆ چاک بکرێتەوە و بکەوێتەوە ئیش.

ماوەی نزیکەی هەشت کاتژمێرە گەڕەکەکانی: پاشا کۆپری، حەی رەمەزان، گەڕەکی مامۆستایان، گەڕەکی کرێکاران، حەی عەسکەری و ئەرکەوازی و چەند شوێنێکی تر بێ کارەبان، لە کاتێکدا وێستگەکانی تری خانەقین کارەبایان هەیە و هیچ کێشەیەکیان نییە.

مۆلیدە ئەهلییەکانی خانەقین، لە کاتژمێر 12ی پاش نیوەڕۆ دەست بە کار دەکەن تاکو 12ی شەو، بەهۆی ئەو کێشەیەشەوە ئەمڕۆ نزیکەی 9 کاتژمێر ئەو گەڕەکانە بێ کارەبا دەبن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر