رۆژنامەنووسێکی گەرمیان لەڕێی مایکی 964ـەوە بەڵێن دەدات
“ئامادەم تا لەتیف هەڵمەت لە ژیاندا بێت وەک باوکی خۆم خزمەتی بکەم”
میلاد جەلال – کفری
رۆژنامەنووسێکی گەرمیان دەڵێت، “قەرزاری نووسین و مێژووی مامۆستا لەتیف هەڵمەتین و ئامادەم تا لە ژیاندا بێت، وەک باوکی خۆم خزمەتی بکەم”.
ئەمڕۆ هەینی 4.9.2026 هاوشاریانی شاعیری دیاری کوردستان، لەتیف هەڵمەت لەخەمی لەدەستدانی هاوسەرەکەی کۆبوونەوە و پرسەیان بۆ دانا.
پرسەکە بە بەشداری نووسەران و رۆشنبیرانی کفری بەڕێوەچوو، ھەرێم جافی رۆژنامەنووسیش لەوێ بووە، ئەو بە دڵێکی پڕەوە قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “لەڕێی ئەم مایکەوە بەڵێن بێ، ئامادەم تا ئەو ساتەی مامۆستا لەتیف لە ژیاندا مابێ، وەک باوکی خۆم خزمەتی بکەم، تکاشم وایە داواکەم قبوڵ بکات و بێت لەگەڵ ماڵ و منداڵ و خیزانەکەمدا بژیێت”.
ئەو رۆژنامەنووسە باسی ئەوەشیکرد کە هەموو کورد قەرزاری نووسین و مێژووی مامۆستا لەتیف هەڵمەتە و ئەوەی دێڕێک لە نووسینەکانی خوێندبێتەوە، دەزانێت ئەو پیاوە چی خزمەتێکی بە خەڵکی کورد کردووە.
دوێنێ پێنجشەممە 3.9.2026 سورەیا شێخ عەلى هاوسەری لەتیف هەڵمەتی شاعیر دوای 16 ساڵ ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد، سورەیا خانم ساڵى 1954 لە گەڕەکى مەڵکەندى شارى سلیمانى لە خانەوادەیەکى ناودارى شارەکە لەدایکبووە و لە ساڵى 1979، لەگەڵ لەتیف هەڵمەتى ئامۆزاى هاوسەرگیریى کردووە، ساڵى 2010 تووشى نەخۆشی شێرپەنجە بوو.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری