127 کەسیان نەشتەرگەریان بۆ کراوە

مانگی رابردوو نزیکەی 23 هەزار منداڵ لە هەولێر نەخۆش کەوتوون

شۆڕش قادری

وەرزی سەرمایە و زیاتر لە هەمووان، منداڵان تووشی پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکان دەبن بۆیە مانگی رابردوو نزیکەی 23 هەزار منداڵ لە هەولێر نەخۆش کەوتوون و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، لە مانگی 11 دا 22 هەزار و 975 منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی راپەرینی فێرکاری بۆ منداڵانیان کردووە و لەو ژمارەیەش 14ـیان براونەتە بەشی چاودێری چڕ و چارەسەریان بۆ کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، 127 منداڵی نەخۆشیش نەشتەرگەریان بۆ کراوە و بەهۆی نۆژەنکردنەوەی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵان، ژمارەی نەشتەرگەرییەکان کەم بووە.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر رایگەیاندبوو کە لە 10 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 15 هەزار و 392 منداڵ لە هەولێر لەدایکبوون.