لەسەر سکاڵای جوتیارانی عەرەب
دادگای خورماتوو جوتیارێکی کوردی بە شەش مانگ زیندانی سزادا
سیروان خورشید – خورماتوو
دادگای خورماتوو لەسەر سکاڵای جوتیارانی عەرەبی هاوردە، سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر جوتیارێکی کوردی گوندی تەپەسەوزدا سەپاند.
شەماڵ کاکەخان یەکێک لە نوێنەرانی جوتیارانی ناوچەکە بە 964ـی وت، “جوتیارانی عەرەبی هاوردە بە هەموو شێوازێک هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری باوباپیرانمان دەدەن، چەندین جار هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر زەوییەکانمان و ئێمەیش مافی خۆمانە، بەرگری لە خاکی خۆمان بکەین”.
“ماوەیەکە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان جوتیارانی کورد و جوتیارانی عەرەبی هاوردە لە گوندی تەپەسەوز سەریهەڵداوەتەوە و جوتیارانی عەرەب سکاڵایان لەسەر 27 جوتیاری کورد تۆمار کردووە”، شەماڵ کاکەخان وای وت.
ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.10.2026، یەکێک لەو 27 جوتیارە بەناوی بورهان عێزەدین کە پۆلیسیشە، بەبێ بوونی پارێزەر چووەتە بەردەم دادگا و لە کۆتاییدا سزای شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.
نوێنەری جوتیاران داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەستڕۆیشتووەکان دەکات، بە هانای جوتیارانی تەپەسەوزەوە بچن و کۆتایی بە کێشەکانیان بهێنن، چونکە ئەگەر وا بڕوات دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری