خەڵکی بەردەڕەش 10 ساڵە چاوەڕێی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونن

964+

زەید کۆچەر -دهۆک

پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە قەزای بەردەڕەش کە وا بڕیار بوو بدرێت بە خەڵکی کەمدەرامەت، بەڵام 10 ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە.

ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ساڵی 2012 دەستکرا بە دروستکردنی، دوای ساڵێک پڕۆژەکە وەستا.

عومەر حیکمەت، گەنجێکی قەزای بەردەڕەشە و ئەو کات وەک کرێکار لەو پڕۆژەیە کاری کردووە، بۆ تۆڕی964 قسەیکردووە، دەڵێت: هۆکاری وەستانی پڕۆژەکە دروستبوونی شەڕی داعش بوو، بەڵام ئێستا هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە دەستپێ نەکرێتەوە.

بۆ سۆراغی هۆکارەکانی وەستانی ئەو پڕۆژەیە، تۆڕی964 پەیوەندی کرد بە قایمقامی قەزای بەردەڕەش کرد، ئەو دەڵێ، ئاگاداری هۆکارەکانی وەستانی پڕۆژەکە نییە.

ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی قەزای بەردەڕەش وتی “ئەو پڕۆژەیەش وەکو پڕۆژەکانی تری قەزای زاخۆ و ئامێدی وەستاوە، بەڵام من ئاگاداری هۆکاری وەستانی نیم و ناشزانم چارەنوسی چی لێدێت”.

بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی964 لەو پڕۆژەیەی ساڵی 2022 حکومەتی هەرێم رایگەیاندوە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، 500 یەکە بۆ قەزای بەردەڕەش بێت، بەڵام تا ئێستا روون نییە کەی دەست بە تەواوکردنی پڕۆژە تەمەن 10 ساڵیەکە دەکرێت.

قەزای بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆکە و بە دووری سەعاتێک لەو پارێزگایە دوورە.