هەولێرییەکان بۆ پشکنینی چاو دەحەسێنەوە

میدیازان – فەرمان سادق –هەولێر

سەنتەری پشکنینی چاو بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری گوازرایەوە بۆ ناو بەشی دەرهێنانی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر.

ئەو بڕیارە، ئەو کێشیەی لە کۆڵ خەڵک کردەوە کە بەهۆی نەبوونی شوێن بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل هەیبوو لەکاتی پشکنینی چاو لە شوێنی پێشتر، هەروەها دووری نێوان هەردوو فەرمانگەش کە زیاتر لە ١٠ کیلۆمەتر بوو.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند، بە ئامانجی کارئاسانی بۆ ئەوانەی مۆڵەتی شوفێری دەردەهێنن، یان نوێی دەکەنەوە، بڕیاری گواستنەوەی سەنتەری پشکنینی چاو بۆ ناو بەشی مۆڵەت درا، بەڵام سەنتەرەکە هەر سەر بە وەزارەتی تەندروستی دەمێنێتەوە.

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، باسی لە گومانێک کرد لەسەر پشکنینی چاو بۆ هەندێک کەس کە کراوە، روونی کردەوە کە حالەت هەبووە پشکنینی چاوی کردووەو هاتووەتە بەشی مۆڵەت، بەڵام گومانی لەسەر هەبووەو داوای لێکراوە پشکنینەکە دووبارە بکاتەوە، وتی ” هێنانی سەنتەرەکە، کێشەی هاتوچۆو مامەڵەی خەڵک چارەسەر دەکات”.

 میدیازان، زانیویەتی بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری یان نوێکردنەوەی، جگە لە پشکنینی چاو لە سەنتەرەکەی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، ئەوا پشکنینی چاو لە سەنتەرەکانی کەرتی تایبەت، قبوڵ ناکرێت.

“تەندروستی هەولێر رەتی دەکاتە لەگەڵ گواستەنەوەی شوێنەکە نرخەکە گران کرا بێت”

 سامان سلێمان، لە راگەیاندی بەڕێوەبەرایەتی تەندرستی هەولێر بۆ میدیازان، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە نرخی پشکنینی چاو کرابێتە ٢٩ هەزار، دەڵێ “بەیانیان تەنیا پلیتێکی دوو هەزاری دەبڕێت، هەرچی ئێوارانە کە نیمچە تایبەتە، جگە لە دوو هەزارەکە ئەوا ١٥ هەزاری تریشی لێ وەردەگیردرێت”.

سەنتەری پشکنینی چاو جاران لەسەر شەقامی ٣٠ مەتری بوو لەسێتاقان، ئێستا گواستراوەتەوە بۆ بەشی مۆڵەت لەشەقامی ١٢٠ مەتری لەگەڕەکی ٣٢ی پارک.