کەمێک دابەزیوەتەوە

بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەولێر 400 هەزار دیناری خشتکرد

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

تا سەرماکە زیاتر دەبێ، نەوتیش گرانتر دەبێ، ئەم بەیانییە سێعری یەک بەرمیل لە هەولێری پایتەخت تا 400 هەزار دینار رۆیشت بەڵام دەمەو نیوەڕۆ هێواشتر بووەوە و هاتەوە سەر 380 هەزار دینار.

ئەم نرخە بەراورد بە مانگێک پێش ئێستا فەرقی زۆرە و هەر بەرمیلێک نزیکەی 60 هەزار دیناری چووەتەسەر، شێروان ئەحمەد مامەڵەکاری نەوت و ئەندامی ئەنجومەنی بۆرسەی هەولێر قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “دانی سبەینێ، نرخی یەک بەرمیل نەوت لەناو بۆرسە بە 380 هەزار دیناربوو و بە 400 هەزار جا دەگەیشتە بەردەمی ماڵان، بەڵام دواتر لە بۆرسە سێعرەکەمان دابەزاند و هەر بەرمیلێک 15 هەزار دینارمان هەرزان کرد”.

وەک باسی دەکات، سەرما و دواکەوتنی بەشە نەوتی کوردستان لەلایەن بەغداوە هۆکاری سەرەکییە بۆ گرانبوونی نەوت لە هەموو ناوچەکانی کوردستان.

964 هەوڵیدا لەسەر ئەو بابەتە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر بکات، بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون لێدوان لەوبارەیەوە بدەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری