
لۆگۆی یانەی وەرزشی هەولێر
لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەنجامە خراپەکانی یانەی هەولێر پێکهێنرا
+964
فەرمان سادق
لەسەر ئەنجامە خراپەکانی لە خولی نایابی عێراقیدا پارێزگاری هەولێر لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
بەپێی نووسراوێک کە کۆپییەکی دەست تۆڕی964 کەوتووە و ژمارە 223ـی لەسەرە و دوێنێ پێنجشەممە دووی شوبات دەرچووە، بە واژۆی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نارەزایەتی هاندەرانی یانەی وەرزشی هەولێر، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەنجامە خراپەکانی یانەی وەرزشی هەولێر لە خولی نایابی عێراق پێکهێنرا.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتی موکڕەم فائق تۆفیق سەرۆکی لیژنە، ئاریان جەبار ئەندامی لیژنە و عەبدولعەزیز جەوهەر نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش، ئەندامی لیژنە.
لیژنەکە تەنیا 10 رۆژیان بۆ دەستنیشان کراوە بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیان لەسەر خراپی ئەنجامەکانی یانەی وەرزشی هەولێر ئامادە بکەن.
یانەی وەرزشی هەولێر، بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە ریزبەندی 17ـیەمی خولی نایابی عێراقی دایە، لە 14 یاری رابردوودا تەنیا لە سێ یاری براوە بووە، لە چوار یاریش بەرامبەر و لە حەوت یاریش دۆڕاوە.
ئەنجامە خراپەکانی یانەی وەرزشی هەولێر، لە کاتێکدایە پێش دەستپێکی خولەکە، یانەکە گرێبەستی لەگەڵ 16 یاریزان واژۆ کردبوو، هەر بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە 24ـی تشرینی یەکەمی 2022، کاپتن نزار مەحروس راهێنەری یانەی وەرزشی هەولێر بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی دەستی لەکار کشاندەوە و غازی فەهدی کرایە راهێنەر، بەڵام ئەویش نەیتوانی هەولێر بگەڕێنێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن.
