لە سەیدسادق مامۆستایەکی کچ ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانی لەدەستدا
لە سەیدسادق
مامۆستایەکی کچ ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانی لەدەستدا
بڕوا مەجید – سەیدسادق
لەناو قەزای سەیدسادق مامۆستایەکی کچ ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانی لەدەستدا.
بەرزان خالید کارگێڕی ئێشگر لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەتی حاجی موشیر بە 964ـی وت، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 28.9.2026 تەرمی کچێکیان هێنایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان کە بە رووداوی هاتوچۆ و هەر لە شوێنە رووداوەکە گیانی لەدەستدابوو”.
خانەوادەی ئەو مامۆستایە دانیشتووی قەزای سەیدسادقـن، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادیی سلێمانی کراوە و دوای توێکاری رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
هەر سەبارەت بەو رووداوە روخۆش ساڵح بەڕێوبەری قوتابخانەی مەشخەڵان لە سەیدسادق بە 964ـی وت، “کۆچکردوو مامۆستای وانەی ئینگلیزییە بە گرێبەست و لە قوتابخانەکەمان وانەی بە پۆلەکانی یەک تا شەش دەوتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، مامۆستاکە تەمەنی 26 ساڵە، دوای تەوابوونی دەوام و لەکاتی رۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە تووشی ئەو رووداوە بووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری