کێڵگەیەکى نەوت لە عێراق - وێنە: ئاژانسەکان
داشکاندن کراوە
ڤیتۆڵ دەبێتە دووەم گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق
ئەحمەد مستەفا
کۆمپانیای جیهانی نەوت “ڤیتۆڵ”، بەهۆی داشکاندنی بەرچاوی نرخەکانی نەوت لەلایەن عێراقەوە، بووەتە دووەم گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق، دوای کۆمپانیای ADNOC.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی پێگەکانی چاودێری بازاڕ، ڤیتۆڵ بۆ مانگی ئەیلول نێوان 25 بۆ 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی کڕیوە.
لە هەمان کاتدا، کۆمپانیای SOMO بۆ راکێشانی کڕیار و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی هەناردە، نرخی فەرمی نەوتی مانگی ئەیلولی بە 15 بۆ 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کەم کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کێشەی گواستنەوە و کەمبوونەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، پێویستی عێراق بە کۆمپانیا جیهانییەکان زیاد کردووە.
هەناردەی نەوتی باشووری عێراقیش لە 2.35 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ نزیکەی 2.6 ملیۆن بەرمیل زیاد بووە.
کۆمپانیای ڤیتۆڵ “Vitol Group” گەورەترین کۆمپانیای سەربەخۆی جیهانە لە بواری بازرگانیکردنی وزە و کاڵا جۆراوجۆرەکاندا. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی 1966 لە شاری ڕۆتەردامی هۆڵەندا دامەزراوە، بەڵام لە ئێستادا بارەگای سەرەکیی لە وڵاتی سویسرایە.
ڤیتۆڵ کۆمپانیایەکی پشکی گشتی نییە و لە بۆرسەدا تۆمار نەکراوە، بەڵکو کۆمپانیایەکی تایبەتە و لەلایەن هاوبەشەکانی ناوخۆی کۆمپانیاکەوە بەڕێوەدەبرێت، رۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵێوراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەگوازێتەوە و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکات.