ژمارەیەک سەرباز و راوێژکاری ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق _ وێنە: ANBA24
قسەی بەرپرسێکی عێراقییە
“هەموو هێزە شەڕکەر و لۆجیستییە ئەمریکییەکان عێراقیان جێهێشت”
ئەحمەد مستەفا
بەرپرسێکی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بە تەواوی کۆتایی هاتووە، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (dpa).
بە قسەکانی ئەو بەرپرسە، هەموو هێزە شەڕکەرەکان و هێزەکانی پشتیوانی لۆجیستی ئەمریکا لە خاکی عێراق دەرچوون، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، واشنتن پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر تەواوبوونی کشاندنەوەکە بڵاونەکردووەتەوە.
قسەوباسەکان وایە، ئەمریکا بەشێک لە هێزەکان لە رێگەی ئاسمانی و کەلوپەل و بەشێکی دیکە سەرچاوە مرۆییەکان خۆی، لە رێگەی بارهەڵگرەوە رووە خاکی سعودییە جوڵەپێکردووە و لە دەروازەی عەرعەرەوە عێراقیان جێهێشتووە.
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2024 رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی ئەمنی، بەپێی ئەو پلانە، مۆڵەتی کۆتایی بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە 30ی ئەیلولە، پێشتر بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی جەختیان لەوە کردبووەوە کە کشاندنەوەکە بە پێی خشتەی دیاریکراو بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکانی پێنتاگۆن، لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق بوون، لە کۆتایی قۆناغی کشاندنەوەدا، هێزە ئەمریکییەکان لە هەولێر، ناوچەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و ناوچەی سەوزی پایتەخت جێگیر بوون.
بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2014 دووبارە دەستی پێکرد، کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ جەنگ لەگەڵ داعش هێزەکانیان هێنایە عێراق، داعش لە ساڵی 2017 لە عێراق و لە 2019 لە سوریا بە شێوەی سەربازی شکستخواردوو راگەیەنرا، بەڵام هێشتا خانە بچووکەکانی ئەو گرووپە چالاکن.
دوای کشانەوەکە، پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و ئەمریکا بە تەواوی کۆتایی نایەن، واشنتن پێشتر باس لە گواستنەوە بۆ شێوازێکی نوێی هاوبەشیی درێژخایەن و پشتیوانی لە تواناکانی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان کردووە، هەروەها رێکخستنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە دوای کۆتایی بوونی سەربازییەکەدا بۆ هاوبەشی دبلۆماسی بەردەوام دەبێت.