نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبا لە ناو بازاڕەکانی سلێمانی
مەترسییەکان کەم دەکەنەوە
نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبا لە ناو بازاڕەکانی سلێمانی دەستیپێکرد
ئەحمەد مستەفا
پرۆژەیەکی نوێ بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبا لە بەشێک لە بازاڕەکانی ناوەندی شاری سلێمانی دەستی پێکرد، بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکان، باشترکردنی سەلامەتی و جوانترکردنی دیمەنی ناو بازاڕەکان.
بەپێی زانیارییەکانی کارەبای سلێمانی، ئەم پرۆژەیە بە سەرپەرشتی هۆبەی چاكسازیی کارەبای ناوەندی شار جێبەجێ دەکرێت، گۆڕینی تۆڕی کارەبا و دانانی کێبڵی نوێ لەخۆ دەگرێ.
ئەوەش، بۆ بازاڕەکانی وەسمان پاشا، قیروان، سەڵاحەدین، سیوەیل، هاوبەش و شوانەی نوێ، هەروەها بەشێک لە شەقامی بێکەس لەلای سینەمای سیروانی کۆن بەرەو خوارەوە دەگرێتەوە.
درێژایی ئەو بەشەی تۆڕە کارەباییەی نۆژەن دەکرێتەوە بە گشتی 1034 مەترە، و گوژمەی پرۆژەکە دەگاتە 99,604,000 دینار، بەپێی پلانەکە، پرۆژەکە بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە لە ماوەی 65 رۆژدا تەواو بکرێت.