بە 150 رۆژ دادەنرێن

کارەبای سلێمانی بایی 130 ملیۆن دینار ستونی تۆڕی روناکی بۆ دوکان دەکڕێت

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی پرۆژەیەکی بۆ روناککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکانی دوکان دەستپێکردووە و ستونی تۆڕی روناکی بۆ قەزاکە دابیندەکات.

دابینکردنی تۆڕەکانی روناکی لەچوارچێوەی پرۆژەکانی کارەبای سلێمانیدایە و لەسەر بودجەی 8٪ـی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکە جێبەجێدەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 2.12.2024، سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پرۆژەی روناککردنەوەی شەقامەکانی دوکان لە ماوەی 150 رۆژدا لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت جێبەجێدەکرێت.

بڕی 130 ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ کڕینی پێداویستییەکانی تۆڕی روناکی و کۆمپانیای “بامۆک” بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای دوکان ستون و روناککەرەوەکان دادەنێت.