وەکو رێڕەوێکی ئاوی کراوە

عومان و ئێران پابەندبونی خۆیان بە پاراستنی گەرووی هورمز  دووپاتکردەوە

فەرهاد حەسەن

عومان و ئێران پابەندبونی خۆیان بە پاراستنی گەرووی هورمز وەک رێڕەوێکی ئاوی کراوە بۆ کەشتیوانی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە و بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان، هەموو رێکخستنەکانی پەیوەست بەم گەرووە دەبێت بە تەواوی رێز لە سەروەری و مافە سەروەرییەکانی دوو دەوڵەتی کەنار دەریا بگرن.

سەڵتەنەتی عومان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە بەیاننامەکەیان دەرکردووە و هەردوولا پابەندبونیان بە پاراستنی گەرووی هورمز وەک رێڕەوێکی ئاوی سەلامەت و کراوە بۆ کەشتیوانی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە.

جەختیشیان لە گرنگی بەردەوامی هاوکاری کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی دەریایی، ئازادی کەشتیوانی و سەقامگیری ناوچەکە، دەشڵێن “کۆکن لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆ لە رێگەی گروپێکی کاری هاوبەشەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی داهاتووی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز”.

گه‌روی ھورمز لە نێوان کەنداوی فارس و کەنداوی عومان ھەڵکەوتووەم ئەو تەنگاوە یەکێکه‌ لە گرنگترین ناوچە دەریایییەکان لە جیھاندا، کەوتووەتە باشوری ئێران و پارێزگای ھورمزگان و باکوری عومان و پارێزگای موسەندەم.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، یەک لە سێی گازی سروشتیی شلە لە جیھاندا و نزیکەی 25% لە ھەمو بەکارھێنانی جیھانیی نەوت لە ئەم تەنگاوە تێپەڕدەبێت و ئەو تەنگاوەی کردوە بە شوێنێکی زۆر گرنگ بە دانوستانی نێونەتەوەیی.