دنیا دیدەکان چوونەوە گوندەکانی زاخۆ
موختاری شەرانش: سوپای تورکیا سپلێت و کەرەستەکانمانی دزیوە
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
جێهێشتنی زۆرێک لە گوندەکانی دەڤەری دەرکار و باتیفا و سپاردنی بە قەدەرێکی نادیار، ئەو دیمەنە دڵ بریندارانەی لێ کەوتەوە کە ئەمڕۆ دنیادیدەکان چوون و لە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان بینییان.
قسە و باس هەبوو، 50 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە دەڤەرەکانی دەرکار و باتیفا، کە دەکەونە چەقی ململانێی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، بەرەو ئاسایکردنەوە ببرێ و بە کاتی رێگەیان پێ بدرێ بچنەوە گوندەکانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17.6.2026، دواجار رێگەدرا بە ژمارەیەک دنیادیدەی گوندەکانی نزور، مێرگەشیش، شەرانس، کەلوک، پەترۆمە، بازنگیر، سنات، ئێرە، حەفتەنین، دێرەشیشێ، بنەخرێ و مارسیس، دوای حەوت ساڵ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام بەسەر ماڵ و حاڵێکی کاول و بەتاڵانبراودا چوونەوە.
کاتی گەیشتنی ژمارەیەک پیاو و دنیادیدە بۆ گوندەکانیان، بینیویانە سوپای تورکیا کە لەناو گوندەکان بوون، سپلێت و تەلەڤزیۆن و کەرەستەی ناوماڵەکانیان بردووە، سەلمێنەری ئەمە قسەیە مەنال حەبیبـە کە خۆی موختاری گوندی شەرانشی کریستیان نشینە.
ئەو بە 964ـی وت، تەنانەت کەرەستەکانی ناو کەنیسەکانی گوندی شەرانشی کریستیانەکانیش ئەوەی بەکەڵک هاتووە دزیوویانە و ئەوانەی تر بەپەیکەری مەریەمیشەوە شکێنڕاون و شێواندوویانە، سەرەرای ئەو دۆخە تا ئێستاش، بە فەرمی و بەیەکجاری رێگە بەگوندنشینان نەدراوە بچنەوە ماڵەکانی خۆیان، بەرێوەبەرایەتی ناحیەی دەرکار چاوەرێی کوتا بڕیار و پەیوەندی تەلەفۆنین، تا بەگوندنشینان بڵێن ئێستا دەتوانن کەی بتانوێ بێن و بچن.
لێرە مسوڵەمانەکان نا، کریستیان نشینەکانیش بریندارن، مەنال حەبیب، موختاری گوندی شەرانشی کریستیانەکان وتی، پێش ئەوەی گوندەکەمان چۆڵ بکرێ، ئێمە 80 خێزان تیایدا دەژیاین، ئێستا نیوەی ئەو خێزانانە لێرە نین و کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
ئەگەر حکومەت گوندەکەیان دووبارە ئاوەدان بکاتەوە، ئەو خێزانانەی لێرە ماون و کۆچیان نەکردووە پێکەوە دەچنەوە گوندەکەیان، بەڵام وەک مەنال وتی، لەسەرەتادا کارەبا و ئاو و رێگە پێداویستی سەرەکین و گرنگە بۆیان رابکێشرێت، وە دۆخەکە سەربازییەکە هەڵبگیرێ.
شەرانش دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری زاخۆ، سەر بەناحیەی دەرکارە و یەکێکە لەو گوندانەی سەر سنوری تورکیا و دانیشتووانی گوندەکە کوردانی کریستیانن، جگە لەشەرانش نزیکەی 50 گوندی دیکە بەهۆی شەڕ و ئالڵۆزی نێوان سوپایی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لەقەزای باتیفا و ناحیەی دەرکار چۆڵکراون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا