شاره‌وانى مه‌ترسى لافاوى له‌سه‌ر لاده‌بات

داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كرێت پاشماوه‌كان نه‌خنه‌ رووبارى هیشكه‌روو

‌964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌گه‌ڵ كاركردن بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ و فراوانكردنى رووبارى هیشكه‌روو له‌ سه‌نته‌رى دهۆك، شاره‌اونى داوای له‌هاوڵاتین و دانیشتوانى سنوورى رووباره‌كه‌ ده‌كات، زبڵ و پاشماوه‌كانیان نه‌خنه‌ ناو رووباره‌كه‌وه‌.

رووباره‌كه‌ به‌ درێژى پێنج كیلۆمه‌تر به‌ناو به‌شێكی پارێزگاى دهۆكدا تێده‌په‌ڕێت.

هیشكه‌روو، ئه‌و رووباره‌ى ناو سه‌نته‌رى پارێزگاى دهۆكه‌ كه‌ مه‌ترسی دروستبوونى لافاوى لێده‌كرێت و له‌ ساڵانى رابردووشدا به‌هۆى شه‌پۆڵه‌ به‌هێزه‌كانییه‌وه‌ لافاو دروستبووه‌ و زیانى گیانى و مادیشی له‌دواى خۆى به‌جێهێشتووه‌.

سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى دهۆك ده‌ڵێت، ده‌ستیان به‌ قۆناغى دووه‌م كاركردن له‌م رووباره‌ كردووه‌، هه‌م له‌ پاشماوه‌كان پاكی ده‌كاته‌وه‌، هه‌میش هه‌ندێك شوێنى رووباره‌كه‌ فراوان ده‌كات.

ده‌شڵێت “داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین هاوكاری تیمه‌كانى شاره‌وانى بكه‌ن و پاشماوه‌كانیان نه‌خنه‌ ناو رووباره‌كه‌وه‌”.

پێشتر، ئیسماعیل مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى شاره‌وانى دهۆک به‌ 964 راگه‌یاند بوو، له‌ زۆربه‌ى شوێن رووباره‌كه‌ پێویستى به‌ فراوانكردن هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئاوى باران له‌ هیچ شوێنێك ته‌وژم و شه‌پۆل دروست نه‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا 15 مه‌تر ئه‌و شوێنانه‌ى رووباره‌كه‌ فراوان ده‌كرێت.

لافاوه‌كه‌ی ساڵى پارى دهۆک، كه‌ چەند رۆژێكی خایاند، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیانی بە نزیکەی 160 خانوو گەیاند، هەروەها0 ژمارەیەک خێزانیش بەهۆی رووخانی خانووەکانیانەوە ماڵ و حاڵیان به‌جێهێشت و چه‌ندین پارك و درەختیش زیانیان به‌ركه‌وت.

رووباره‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى ناو دهۆک فراوان ده‌كرێت

رووباره‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى ناو دهۆک فراوان ده‌كرێت