لە سلێمانى

سەرتاشێک دژى بڕیارى 8 بۆ 8ـە؛ ئەمە بەرتەسککردنەوەى ئازادى کارکردنە

ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

هەرچەندە بە زۆرینەى دەنگى دەلاکەکانى سلێمانى بڕیاردرا لە کاتژمێر 8:00ـى بەیانى تا کاتژمێر 8:00ـى ئێوارە دوکانى سەرتاشخانەکانیان بکەنەوە، بەڵام ئەمە نیگەرانى لاى ژمارەیەک دەلاکى تر دروستکردووە و بڕیارەکە بە نادروست دەزانن.

غەمگین محەمەد کەریم کە 28 ساڵە سەرى خەڵک چاک دەکات، نیگەرانە لە بڕیارەکە و دەڵێت:”28 ساڵە بەردەوام کار دەکەم و رەنج دەدەم تا توانیم ئەم دوکانە بۆ خۆم بکڕم، کەچی ئێستا دێن و کاتم بۆ دیاری دەکەن کە کەی دوکانەکەم بکەمەوە و کەی دایبخەم”.

ئەم سەرتاشە پێی وایە بڕیارەکە نەک هەر نادروستە، بەڵکو لێدانێکی گەورەیە لە گیرفان و بژێویی ژیانیان. وەک خۆی باسی دەکات، دەیان سەرتاشی دیکە هەن کە بەهۆی شوێنەکەیان یان جۆری کڕیارەکانیانەوە، کارەکانیان وا دەخوازێت کە شەوانە تا درەنگ کراوە بن، چونکە بەشێکی زۆری خەڵک تەنیا شەوان کاتیان هەیە سەردانی سەرتاشخانە بکەن.

“ئەگەر دۆخەکە ئاوا بڕوات و ئەمە قبوڵ بکەین، ئەوا سبەینێ یاسا و بڕیاری دیکەمان بۆ دادەنێن و پێمان دەڵێن چی بکەین و چی نەکەین”. غەمگین واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح