"دەركردنی ئێران لە سووریا"

ئەوەی لە حەلەب روویدا رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی بۆ كرابوو؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان دەڵێت، ئەگەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بەبێ بەرەنگاریی هێزەکانی سوپای سوریا لە پێشڕەوی بەردەوام بن، ئەوا ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە، کە لە ساڵی 2016دا لە حەلەب و ئیدلب و حەما کۆنتڕۆڵیان کردبوو.

روونیشیکردەوە: رەنگە ئەو بابەتە بەشێک بێت لە پرۆسەیەکی رێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ دەرکردنی ئێران لە سوریا، ئەوەی لە حەلەب روودەدات داڕمانی روونی هێزەکانی سوپای سوریایە لەناو پێشڕەوییەکانی تەحریر شام و ئەو گرووپانەی، کە لەگەڵیاندا بەرەو ناو گەڕەكەكانی حەلەب هەنگاو دەنێن.

بە وتەی ئەو چاودێرە سیاسییە، لە ماوەی کەمتر لە 72 کاتژمێردا گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆن 65 شارۆچکە و گوند و شاریان کۆنتڕۆڵ کرد، کە گرنگترینیان شاری سەراقیبە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “سوریا لە ژێر کۆنترۆڵی چوار حکومەتدا دابەشکراوە لە دیمەشق، ئیدلب، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و عەزاز”، بە پێی زانیارییەكانی ئەویش تا ئێستا 300 کەس لە چەكدار و سەرباز و مەدەنیدا کوژراون.

“رووخانی هێزەکانی سوپای سوریا لە حەلەب، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە حزبوڵڵا كاراكتەری سەرەکی ئەم بەرەیەیە، ئێستاش حکومەتی دیمەشق دوای کەوتنی بەشێک لە حەلەب و دوای ئەوەی رێگای نێودەوڵەتی حەلەب – دیمەشقی لەدەست دا، هێزی زیاتری بۆ ناوچەكە ناردووە، بە تایبەتی بۆ ئەو رێگە نێودەوڵەتییەی،  کە ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا حسابی بۆ ئەوە دەکرد رێگەیەکی بازرگانی بێت لە نێوان تورکیا و وڵاتانی عەرەبیدا”، ئەمە خوێندنەوەی بەڕێوەبەری روانگەی سورییە بۆ بارودۆخەكە.

لە حەلەب چی روویدا؟

• فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی دەستەی تەحریر شام، رۆژی چوارشەممە، گوند و شارۆچکەکانی پارێزگای حەلەبیان داگیرکرد، کە لەلایەن حکومەتی بەشار ئەسەدەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو.

• لە کۆتایی ساڵی 2016 هێزەکانی سوپای سوریا بە پاڵپشتی روسیا و ئێران و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەت، تەواوی شاری حەلەبیان کۆنتڕۆڵ کردەوە و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دوای چەند مانگێک لە بۆردومان و گەمارۆدان رێککەوتن لەسەر کشانەوە، دوای شەڕێک، كە رەوشەكەی بە پێچەوانەی ئامانجەكانی ئۆپۆزسیۆن گۆڕا.

• مستەفا عەبدولجابر، یەکێک لە سەرۆکی گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند، پێشکەوتنە خێراکە لە حەلەب بەهۆی نەبوونی ژمارەی پێویستی چەکدارانی سەر بە ئێران بووە لە پارێزگاکەدا.

هەڵوێستی تورکیا و روسیا چییە؟

• ئەمە گەورەترین هێرشە لەد وای مانگی ئاداری 2020ەوە، کە روسیا و تورکیا رێککەوتن گژرییەكان لە ناوچەکەدا كەمبكەنەوە.

• سەرچاوە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ هەواڵگری تورکیا دەڵێن، تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەکە هەڵكردووە.

• ئۆنگو کیچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵدەدات خۆی لە خراپتربوونی دۆخی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا بپارێزێت و هۆشداریشی دا لەوەی ئەم هێرشانە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو رێککەوتنانە هەیە کە ئامانج لێی وەستاندنی هەڵکشانی گرژییەكانە.

•روسیا هێرشەکە بە پێشێلکردنی سەروەری سوریا دەزانێت و دەیەوێت دەسەڵاتداران بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دەسەڵاتی حكومەتی سوریا.