جووتیارێکی سەیدسادق
ئامێرێکی درووستکردووە بۆ ئاسان دەرهێنان و کۆکردنەوەی نایلۆنی زەویە کشتوکاڵیەکان
ئەمەل ناجی – شارەزوور
جوتیارێکی خەڵکی قەزای سەیدساق، ماوەی دوو ساڵە ئامێرێکی درووستکردووە و لە تراکتۆرەکەی دەبەستێت، وەک چەقۆیەکە شێوەکەی، کاتی کارکردن دەچێتە بەشی خوارەوەی ئەو بەشەی زەویەکە کە نایلۆنەکەی لێ جێگیرکراوە، نایلۆنەکە لە زەویەکە هەڵدەکەنێت بە بێ ئەوەی هیچ بەشێکی بەجێبمنێت و بەو شێوەیەش نایلۆنەکە بە ئاسانی کۆدەکرێتەوە و هیچ بەشێکی جێنامێنێت.
ئەکرەم سەلیم، جوتیارە و شۆفێری تراکتۆریشە بۆ 964 قسەی کرد و وتی؛ ”من خۆم جووتیارم و دەزانم ئەم نایلۆنە زیان بە زەویەکە دەگەنێت، هەر بۆیە ساڵی رابردوو دیزاینی ئەم ئامێرەم کرد و درووستم کرد، سوپاس بۆ خوا سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێناوە، ئاسانکاریەکی زۆر بۆ خاوەن زەویەکان دەکات و دوای دەرهێنانی نایلۆنەکە، ئیشی کرێکارێکە کۆی بکاتەوە و تەواو، هەتا زووتر دەستبکرێت بە لابردنی نایلۆنەکە باشترە و ئاسانترە، هیچی ناسوتێت و هەمووی بە یەکپارچە کۆدەکرێتەوە”.
وتیشی: ”لە پێنجوێن زیاتر کاردەکەین، چونکە ئەوان زۆر خەمی زەویەکانیانە، بەڵام خەڵکی سەیدسادق کەمتر سوود لە ئامێرەکە وەردەگرن، کوالیتی نایلۆنەکەش لەسەر کارکردنی ئامێرەکە کاریگەری هەیە، چونکە هەندێک نایلۆن هەیە کە بەشێکی زۆری دەسوتێت و ورد دەبێت بۆیە تەنیا بەشێکی کەمی لەژێر زەویەکەدا دەمێنێتەوە، ئامێرەکەش تەنیا ئەو بەشەی دەهێنێتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر نایلۆنەکە کوالیتی باش بێت و زوو نەسوتێت، ئەوا بی دڕان و سووتان نایلۆنەکە دەردەهێنێت، و دواتر بە ئاسانی کۆدەکرێتەوە”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر