کۆنگرەی پارتی دەبێتە خێروبەرەکەت بۆ هۆتێلەکانی دهۆک

تاوەکو ١٠ رۆژی تر میوان وەرناگرن

شاری دهۆک – میدیازان

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پارتی لە دهۆک بەشێک لە هۆتێلەکانی ئەو شارەی بوژاندووەتەوە، سەرجەم ژوورەکانیان گیراون و تاوەکو ١٠ رۆژی دیکە گەشتیار وەرناگرن.

 بڕیارە ئەو حزبە کۆنگرەی ١٤ی خۆی لە ٣ی تشرینی دووەم لە شاری دهۆک دەستپێبکات.

 میدیازان توانی تەنیا لە پێنج هۆتێل دڵنیاببێتەوە کە بۆ ئەندامان و میوانانی کۆنگرەی پارتی گیراون، ئەوانیش پێنج ئەستێرە و چوار ئەستێرەن.

 خاوەنی یەکێک لە هۆتێلە بەناوبانگەکانی دهۆک کە نەیویست ناوی بنوسرێت، بە میدیازانی وت، هەموو ژوورەکانی هۆتێلەکەیان گیراون، تاوەکو ١٠ رۆژی تر ناتوانن میوانی دیکە وەربگرن.

 ئەو دەڵێت، “پێشتر داوامان لێکراوە و ئێمەش رەزامەند بووین سەرجەم ژوورەکانمان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکەین”.

بەگوێرەی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانەکانی پارێزگای دهۆک، لەو سنورەدا زیاتر لە ٢٠٠ هۆتێل و مۆتێل و یەکەی نیشتەجێبوون هەن بۆ میوان و گەشتیاران.

 ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەکە بۆ میدیازانی روونکردەوە، کە سەرجەم هۆتێلەکانی شارەکەی نەگیراون، ئەو وتی، “ژمارەیەکی زۆر شوێنمان ماوە، هەر گەشتیارێک بێت ئەتوانێت بمێنێتەوە”.

 هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە بەشی هەزار و ٢٠٠ کەس ژووری هۆتێلەکان بۆ کۆنگرەی پارتی گیراوە، “لەکاتێکدا شوێنی مانەوە بۆ زیاتر لە ١٥ هەزار کەس هەیە لە سنوری دهۆک”.