باڵەخانەیەکی بێ کێشەیان بۆ دروست کراوە
کچانی بێ سەرپەرشتی دهۆک چوونە ماڵە نوێیەکەیان
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
باڵەخانەیەکی نوێی گەورە بە شێوازیکی مودێرن بۆ کچانی بێ سەرپەرشتی پارێزگای دهۆک کرایەوە و چوونە ماڵە تازەکەیان.
پرۆژەکە جێگەی نزیکەی 60 کچی بێ سەرپەرشت و بێلانە دەکاتەوە و ئێستا 20 کچی تیادایە ئەو کچانە هەر لە منداڵییەوە لەلایەن خانەی بێ سەرپەرشتانی دهۆکەوە بەخێوکراون و گەورەبوون.
رووبەری باڵەخانەکە 8750 مەتری دووجایە، لە سێ نهۆم پێکهاتووە و دوو جۆر ژوور لەخۆ دەگرێت ،یەکێکیان دوو ژوورییە و ئەوەی دیکەش یەک ژوورین، لە باڵەخانەکە چێشتخانە و تیمی تەندروستیشی تێدایە.
د.شێرزاد حەمید بەڕێوەبەری گشتی چاودێری کومەڵایەتی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، پرۆژەکە تایبەتە بە کچانی بێ سەرپەرشت نزیکەی 20 کچی بێ سەرپەرشت لێرە دەژین و ئەوان وەکو چاودێری کومەڵایەتی سەرپەشتییان دەکەن.
وتیشی، باڵەخانەکە لەلایەن کۆمپانیای مەندۆ وەکو کارێکی خێرخوازی بۆ ئەو کچانە دروستکراوە بە هەماهەنگی بەرێوەبەرەتیەکەمان، کە گوژمەکەی ملیۆنێک و 100 هەزار دۆلارە،
“بەپێی یاسای وەزارەتی کار و کاروباری کومەڵایەتی تاوەکو تەمەنی 18 ساڵ لە خانەی بێ سەرپەرشتان دەمێننەوە، بەڵام کچەکە ئەگەر هیچ شوێنی نەبوو، دەتوانن لە باڵەخانەکەدا بمێننەوە” شێرزاد حەمید وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی