پێنج شاخەوانەکەی دهۆک لە چیای هەڵگورد دۆزرانەوە
964+
ئاکام غەفور- سۆران
تیمەکانی بەرگری شارستانیی چۆمان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگری شارستانیی سۆران توانییان شوێنی پێنج شاخەوانە دهۆکییەکە دەستنیشان بکەن و بە سەلامەتی رزگاریان بکەن، کە لە بەیانیی ئەمڕۆوە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە لە چیای هەڵگورد بێسەروشوێن ببوون.
تیمەکانی گەڕان و پشکنین بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی بەرگری شارستانی قەزای چۆمان گەیشتنە شوێنی شاخەوانەکان و رایانگەیاند کە تەندروستیی سەرجەمیان باشە و رێکاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ خوارەوەی چیاکە گیراوەتە بەر.
ئەو پێنج کەسە بەشێک بوون لە گرووپێکی حەوت کەسیی خەڵکی دهۆک کە بە مەبەستی گەشت روویان لە چیای هەڵگورد کردبوو، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە پەیوەندییان پچڕابوو تاوەکو لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە دۆزرانەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح