بارهەڵگرێک کەوتە ناوی
لافاو پردی پشتێنەیی خورماتووی رووخاند
سیروان خورشید – خورماتوو
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و هاتنی لافاو لە ناوچەکانی گەرمیانەوە جارێکی تر پردی پشتێنەیی خورماتوو داڕووخا، کە رێگای سەرەکی بارهەڵگرەکانی نێوان کەرکوک و بەغدایە و بارهەڵگرێکیش کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ناسریە دەرۆیش کەوتە ناو ئاوەکەوە و شۆفێرەکەی رزگار کرا.
هیوا عەبدوڵا شۆفێری بارهەڵگرە لەو رێگایە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بەردەوام لە وەرزی بارانباریندا ئەم رێگەیە کێشەی بۆ دروست دەبێت و ئەمەش کێشەیە بۆ شۆفێران و لە کار و کاسبی دادەبڕێن و زیانی دارایی زۆریان بەردەکەوێت
داواشی لەلایەنی پەیوەندیدار کرد بە زووترین کات چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی ئەم پردە بدۆزنەوە و پردێکی نوێ لەو شوێنە دروست بکەنەوە.
سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە قایمقامی خورماتوو بە پەیامنێری 964ـی راگەیاند، بودجەمان نییە بۆ دروستکردنی پردێکی تازە و بەغداش هاوکاریمان ناکا و پارەمان بۆ دابین ناکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر